سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا کرد / لێدوان عەبدولرەحمان

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی كانوونی یەكەمی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جەیمس هییپی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا كرد.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا پێزانینی وڵاتەكەی بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش دووپات كردەوە. هەروەها جەختی لە ویستی بریتانیا بۆ بەردەوامبوونی لە یارمەتیدان و مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆردا كردەوە.
پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا ڕایگەیاند كە پێویستە هاوسەنگیی سیاسی و ئابووری لەنێو پێكهاتەكانی عێراقدا هەبێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی وڵاتی بەریتانیای كرد كە لە شەڕی داعشدا یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە و هیوای بەرەوپێشڤەچوونی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیای خواست.
Leave A Comment