هەدیە بۆ سوننە و شیعه/زکری مووسا

لە سەددەی بیستەمدا بە تایبەت لە دوای دوو شەڕە جیهانییەكەی یەكەم و دووەم، زلهێزەكان سیادە و سەربەخۆییان بەخشییە بەشێكی زۆری ئەو سەرزەمینانەی لەژێر چەپۆكی خۆیاندا بوو. ئەو وڵاتەی ئێستا ناوی عێراقە زادەی رێككەوتنی نێوان زلهێزەكان و میرات و هەندەسەی بەریتانیاییەكانە. ئەو دەوڵەتە بەو مەرجە پێكەوەنرا كە تێیدا شەراكەتی كورد رەچاو بگیرێت و رێز لە مافەكانی بگیرێت. لە قۆناخی پاشایەتیدا حكومەتی عێراق بە بیانووی بەهێزكردنی دەوڵەتی نوێ ئەو مەرجەی خستەژێر پێی و بەریتانیاش چاوپۆشی لێ كرد.
هەموو هەوڵی تازەی عێراق ئەوە بوو كە نیشانی بدات دەوڵەتە تازەكە دەوڵەتێكی عەرەبی، پتەو و یەكگرتووە. لە سەردەمی كۆماری و بەعسییەكانیشدا هەوڵەكان بۆ پتەوكردنی دەوڵەت ئەویش لەسەر حیسابی كورد بەردەوام بوو. ئەمجارەیان زەبروزەنگ و قڕكردن و جینۆسایدی گەلی كوردیش بەشێكی گرنگی پلانی گشتیی دەوڵەتی عێراق بوو بە ئامانجی یەكدەستكردن و یەكڕەنگ كردنی وڵات. ئەو كات دەسەڵاتدارانی عێراق گەلی كوردستانیان وەك بەربەستێك دەدیت لەبەردەم بەهێزبوونی سیادە و جێگیربوونی عێراق وەك دەوڵەتێكی تەواو عەرەبی.
ئەمریكا رژێمی بەعسی رووخاند و لەدوای 2003 هێزە عەرەبە شیعەكان لە عێراقدا بوونە میراتگری بەریتانیا و بەعس. ئەوان بە یارمەتیی كورد و لەسەر شانی كورد دەستیان لە دەستەڵاتدا گیر بوو. ئەوە بۆ عەرەبە شیعەكان سەركەوتنێكی مێژوویی و بێوێنە بوو. خەونە لەمێژینەكەیان هاتەدی كە هەر لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسییەكانەوە بگرە هەتا عوسمانی و سەردەمی تازە چاوەڕێی بوون. كوردیش دڵخۆش بوو و چاوەڕێی ئەوە بوو دەسەڵاتداری نوێ كە هاوسەنگەری دوێنێشی بوو، رێز لە مافەكانی گەلی كوردستان بگرێ.
ئەم دڵخۆشییە زۆری نەخایاند و چەند ساڵێك دوای پەسندبوونی دەستووری عێراقی فیدڕاڵی دیموكرات، عێراق شێوەی دەوڵەتێكی تاییفی وەرگرت و بووە ئامرازێك بە دەستی ئایدیۆلۆژیای فراوانخوازی هەرێمی. بەر لە هاتنی داعش بودجەی كوردستانیان بڕی و پاش ئەوەی داعش لە 2016 رووی لە لاوازبوون كرد، شیعەكان چاویان بڕییە جیۆگرافیای كوردستان و داوایان كرد كورد بگەڕێتەوە سنووری پێش 2003. سنووری پێش 2003 سنوورێكی سیاسی و ئیداری نەبوو سنوورێكی سەپێنراوی سەربازیی بەعسییەكان بوو. ئەم رووداوانە هەر هەمووی بەر لە ریفراندۆمی ئەیلوولی 2017 هاتنە كایەوە.
ئێستا حەقیقەتێكی زۆر رووت خۆی دەرخستووە، لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی كورددا عێراقی پێش رووخانی سەددام و دوای رووخانی سەددام جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە. ئەگەر جاران عەلی كیمیایی و عەقڵییەتەكەی بڕیاردەری بابەتەكان بووبن ئێستا عەقڵییەتی خەزعەلی و حەسەن پلایس كۆتابڕیاری لە دەستە. بۆیەشە هەمیشە گەڕانەوەكان بۆ بەغدا و لەدەرگەدانەكان جگە لە چارەسەر كاتی و سەرپێیی هیچی دیکەی لێ سەوز نەبووەتەوە. كورد چیتر بكات بۆ عێراق؟ سەرۆك بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال هەموو هێز و توانای خۆیان لە دوای 2003 بۆ عێراق تەرخان كرد ئەویش لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە، بەڵام ئەنجامی ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونە ئەوەیە كە ئێستا كام سەركردەی سیاسیی عەرەب زیاتر دژایەتیی مافەكانی كورد بكات ئەویان مەحبووبتر و دەستڕۆییشتووتر دەبێ.
پرسیاری سەرەكیی ئەوەیە باشە بۆ لە هەموو قۆناخەكاندا دەبێ كورد تووشی ئەو جۆرە كۆسپ و تەگەرانە ببێتەوە؟ رەنگە وەڵامی خێرا ئەوە بێت كە گرفتی سەرەكی لە عەقڵیەتی حوكمڕانی بەغدادا خۆی حەشاردابێت، دەموچاوەكان دەگۆڕێن، بەڵام عەقڵیەتی نكۆڵیكردنی كورد هەر دەمێنێت. لە راستیدا ئەمە تەنیا دەرئەنجامە و وەڵامێكی كافی نییە و دەبێ بە دوای هۆكاری بنەڕەتیتردا بگەڕێین.
كوردیش هەرچییەك بكات و هەر چەند قوربانی بە خۆی بدات ناتوانێ عەقڵییەتی حاكمی بەغدا بگۆڕێت، چونكە عەقڵییەتەكە لەدایكبووی كولتوور و مێژوویەكی دوورودرێژە. وەڵامی بنەڕەتیتر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق. راستیتان دەوێ ئێمە بە هەڵە و لە ئەنجامی ستەمێكی مێژوویی زلهێزەكان فڕێ دراوینەتە ناو دەوڵەتی عێراق.
چارەسەری گرفتەكانی گەلی كوردستان لای عەقڵیەتی نكۆڵیكاری تاییفیی عێراقدا نییە، چونكە لە ئەساسدا ئەو عەقڵییەتە چارەسەری پێ نییە. چەندی خۆمان هەڵخەڵەتێنین كە چارەسەری گرفتەكانمان لە بەغدایە ئەوەندەیش بە دەستی خۆمان، خۆمان لە زۆنگاوەكەدا نقوم دەكەین و چارەنووسی خۆمان دەدەینە دەست خەڵكی بێویژدان و پاوانخواز. دەبێ نیگایەكی تازەمان بۆ دۆزی رەوای گەلی كوردستان هەبێ. لە بنەڕەتدا گرفتی ئێمە لەگەڵ كڵێشە و هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانە كە ستەمیان لە ئێمە كردووە و ئێمەیان بە چارەنووسێكی نادیار و تاریك و دەستێكی نائەمین سپاردووە. دەبێ بەردەوام لەو دەرگەیە بدەین و فێر بین لەوێوە سەیری گرفتەكەی گەلی كوردستان بكەین.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەشدا دەبێ كورد لەناوخۆیدا پتەوتر و یەكگرتووتر دەربكەوێت بۆ ئەوەی دونیا رێزی لێ بگرێت و گوێی بۆ بگرێت. بە داخەوە چونكە كورد دەوڵەتی نەبووە، لایەنە سیاسییەكانیشی لەوە رانەهاتوون دەوڵەتیانە و ستراتیژی هەڵسوكەوت بكەن. حیزبایەتی و تەكەتول و باڵباڵێن و لۆكاڵیبوون و كورتبینی هەوێنی چالاكییەكانیان بووە. بەردەوام بەشداری پیلانی قێزەوەن بوونە لەدژی یەكتری. بە نهێنی و بە ئاشكرا لە یەكتریان خوێندووە و بەگژیەكتردا چوونەتەوە. دەوڵەتانی ناوچەكە و زلهێزەكانیش ئەوەیان هەردەم قۆستووەتەوە و دەزگە هەواڵگرییەكانیان بەردەوام ئەم خەسڵەتەی لایەنە كوردییەكانیان ئیدارە داوە و لێكترازان و بەدگومانیان لەناخی كورددا چاندووە. بۆ ئەوەی هەردەم پەرتەوازە و سەرگەردان بن و نەتوانن یەك بگرن بە تایبەت لە بابەتە ستراتیژیییەكاندا. ئەمە هەمیشە كارتی بەهێزی نەیاران و خاڵی لاوازی كورد بووە.
ریفراندۆمی گەلی كوردستان لە ئەیلوولی 2017 هەوڵێكی مێژوویی و بوێرانەی كورد بوو بۆ ئەوەی لە یەك كاتدا بتوانێ هاودەنگییەكی نیشتیمانیی لەناو خەڵك بڕسكێت و لەمەڕ مافەكانی خۆشی لەگەڵ جیهاندا بدوێت. ریفراندۆم بۆ ئەوە بوو بە هەموو جیهان بگوترێت چارەنووس و چارەسەری كێشەی كورد لای عەلی كیمیاوی و خەزعەلییەكان نییە، بەڵكو لای خودی كوردستانیان و لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
ماوەتەوە بڵێین، بەریتانیا لە سەرەتای سەددەی بیست عێراقی بەخشییە سوننە و ئەمریكاش لە سەرەتای سەدەی بیست و یەك هەدیەی كردە شیعەكان، ئەی بۆ كورد چییان پێیە؟
Leave A Comment