پۆمپیۆ: لە کاتی خۆیدا ڕێوشوێنەکان بەرامبەر بە ئێران لە عێراق رادەگەیەنین
ئەمڕۆ یەکشەمە (22/ 11/ 2020) مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕای گەیاند، واشنتۆن لە عێراق هەوڵی سەقامگیری دەدات و گوتیشی عێراقییەکان نایانەوێ سەر بە ئێران بن.
لە دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلعەرەبییە) پۆمپیۆ گوتی: “بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق، بۆ پاڵپشتییە لە حکوومەتی مستەفا کازمی”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو رێوشوێنانەی لە عێراق دەیگرنە بەر، روونی کردەوە: “لە کاتی خۆیدا رێوشوێنەکان دژ بە میلیشیا ئێرانییەکان دیاری دەکەین”.
سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆر و داعش، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: “هاوپەیمانییەتێکمان پێک هێناوە کە توانیویەتی رێکخراوی تیرۆریستی لە عێراق و سووریا لەناو ببات”.
ئەم لێدوانانەی پۆمپیۆ لە کاتێکدان، کە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رای گەیاندووە، دوێنێ شەممە 21-11-2020، فڕۆکەی جەنگیی B-52ـیان ناردووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی جێگیرکردنی فڕۆکەکە نەکردووە.
هەروەک فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رای گەیاندووە، فڕۆکەکە “بە ئەرکێکی درێژخایەن” و “بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی دوژمناکارانە و دڵنیاییدان بە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا”، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە.
کەناڵی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، کە ناردی ئەو فڕۆکە جەنگییە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست “پەیامێکە بۆ ئێران”.
Leave A Comment