کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی نەخوازراودایە/هوشیار سویلی

کوژرانی زانای ناسراوی بواری زانستی ناوکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووداوێکە شایانی خوێندنەوە و تێڕامانە:
ئەم زانایە، بە باوکی سیستەمی موشەکیی ناوکی کۆماری ئیسلامی ناسێنراوە. ڕەنگە دوورکەوتنەوەی لەو بوارەدا کاریگەریی لەسەر پەرەپێدانی بواری ووزەی ناوکی ئێران ھەبێت. کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر ناسکە چونکە بەر لە دوو حەفتە سەرۆک ترامپ گەورە ڕاوێژکارەکانی خۆی کۆکردۆتەوە و پرسی لێدانی ئێرانی لەگەڵ باسکردوون. ھەرچەندە پێشنیازەکەی ترامپ رەتکراوەتەوە، بەڵام ئەمە ئاماژەیەکە کە ئەم ئیدارەیە حەزدەکات دۆخەکە لە دژی ئێران بشڵەقێنێ و کاریگەرییەکانیشی بۆ ئیدارەی نوێ بەجێبھێڵێت.
ئیسرائیل دەزانێت بە ڕۆشتنی ترامپ و ھاتنی بایدن سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ئێران لە بەرژەوەندی ئێران گۆڕانکاری بەسەر دێت. بۆیە ھەوڵ ئەدات بەر لە ھاتنی سەرۆکی نوێ زەمینەی لێدانی گورزێکی سەربازی لە ئێران خۆش بکات و دۆخێک دروستبکات کە تەنانەت بۆ بایدنیش زەحمەت بێت بگەرێتەوە بۆ رێکەوتنامەی ناوکی و سوککردنی سزاکانی سەر ئێران.
ھەرچەندە ئیسرائیل و ئەمەریکا تا ئێستا بێدەنگن، بەڵام ئێران ھەرزوو پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل درێژکرد و ھەڕەشەی کاردانەوەی توندیکرد.
جگە لەو زیانە زانستی و سیاسی و مەعنەوییەی لە ئێران کەوتوە بڕیاردان لەسەر ھەنگاوی داھاتوو بۆ ئێران زۆر دژوارە چونکە کاردانەوەی توندی ئێران کاردانەوەی توندی ئەمەریکا و ئیسرائیلی بە دوادا دێت و رەنگە دۆخەکە لە دەست دەربچێت و کاری ئیدارەی داھاتوو بۆ نزیکبوونەوە لە ئێران زەحمەت بکات و سزاو ئابڵوقە کوشندەکان بەردەوام بن.
ئەگەر ئێران کاردانەوەی توندی نەبێت کە لە ئاستی ئەو زیانە گەورەیە دا بێت ئەوا لاواز دەردەکەوێت و ڕەنگە باڵی توندڕەوی ناو دەزگاکانی حوکمڕانی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا پێگەیان بەھێزتر بێت.
بڕیارەکە بۆ کۆماری ئیسلامی قورسە ، بە تایبەتی کاردانەوەی سەربازی توندی ئێران لە مەودای دووردا بە زیانی ئێران تەواو دەبێت.
Leave A Comment