خاتوو نەسرین هاوژینی شەهید خاڵە عەفان بۆ خەبات/ساسان دەروێش – هۆڵەندا
خۆشەویستیم بۆ ناوی پێشمەرگەو ئازایەتیان کردمییە هاوسەری پێشمەرگەیەک
خاتوو نەسرین حسێن لە دایکبووی شاری بانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاوەن خانەوادەیەکی نیشتیمانپەروەرە ، هەمیشە ماڵیان لانکەی حەوانەوەی پێشمەرگەو لێقەومان بووە بەم پێیەش تێکەڵاوبوونێکی زۆریان لەگەڵ پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان هەبووە کە نیشتەجێی سەرسنوورە دەستکردەکان بوون و خزمەتکردنیان بۆتە هەوێنی خۆشەویستیان بۆ ناوی پێشمەرگەو ئازایەتیان، کە ڕۆژانە باسوخواسی نێو ئەم خانەوادەیە بووە و هەرئەم هۆکارەش بووە کچێک لە نێو خانەوادەکەیان پێشکەشی پێشمەرگەیەکی سەرکردەی باشووری کوردستان بکەن کە زیاتر لە 30 ساڵ خەبات و تێکۆشانی هەبووە و سەرەنجام هاوسەرگیرییان بۆ ڕێکبخەن لەگەڵ شەهیدی سەرکردە عوسمان قادر منەوەر ، لەم گفتوگۆیەماندا خاتوو نەسرین بەمشێوەیە بۆ خەبات دوا .
پێشەکییەک لە بارەی ژیانی ئەم خانەوادەیە
خاتوو نەسرین و هاوژنەکەی ماڵێکی بچوک پێکەوە دەنێن کە دەبێتە شوێنی حەوانەوەی شەهیدی سەرکردە عوسمان قادر لە دوای ئەرکەکانی پێشمەرگایەتی و دەرچوونەکانی ، پاش کەمتر لە 7 ساڵ ژیانی هاوسەرگیری شەهید عوسمان و خاتوو نەسرین ، باروبارگەیان تێکەنێن و لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دێنەوە باشووری کوردستان و لە ژیانێکی زۆر سادەی پێشمەرگایەتی هاوشێوەی گوندەکان لە سلێمانی ژیاون کە دڵیان پڕبووە لە ئومێد و ڕزگارکردنی گەلەکەیان، بەداخەوە لە شەڕی ناوخۆ ئەو ماڵە سادەیەش تاڵانکراو و خۆیان ئاوارەی هەولێر و پیرمام بوون ، بەڵام ئەوەی جێگەیی داخە 26 ساڵە خاتوو نەسرین فرمێسک لە چاوەکانی ووشک نەبووە و لەگەڵ یادگارییەکانی شەهیدی هاوسەری دەژێ و بۆتە چیایەکی باڵانمای کوردستان بە لەئامێزگرتنی هەردوو دیاری شەهید واتا کچەکانی ژینۆ و ژاڵە تا بیانگەیەنێتە ئامانجەکانیان لە خوێندن و هەنگاو ڕێبازی باوکیان پێببڕێت و دڵنەوایی خۆی بەوە ئەداتەوە کە شەهید جێگە دەستی دیاربووە لە خەبات و تێکۆشانی کوردستان و بەرگریکردن لە دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین.
ژیانی پێشمەرگەیەک بووە ئاوێتەی ژیانم
خاتوو نەسرین سەرەتا باسی لە ژیانی خۆی و هاوسەرگیری لەگەڵ شەهید کرد وگوتی : هیچکات پەشیمان نیم لەوەی کە ژیانی پێشمەرگەیەک بووە ئاوێتەی ژیانم و دڵمی پڕکرد لە ئازار وخەم بە شەهیدبوونی، لەگەڵ ئەوەش ناونیشانێک و سەروەرییەکی بۆ من و منداڵەکانی وگەلەکەی تۆمارکرد ، پێموایە ئەمەش سەرمایەیەکی گەورەیە ڕەنگە زۆر کەس ئاواتی بخوازن، یەکتر ناسینی من و شەهید دەگەڕیتەوە بۆ ناسیاوی نێو خانەوادەکەم و پەیوەندیان لەگەڵ شەهید لە ساڵانی هەشتاکان ئەو کاتەی پێشمەرگەکانی باشوور ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد بوو ، دواتر لە ساڵی 1987 هاوسەرگیریمان کرد ، دوای ساڵانێک ژیان لە شارە دڵگیرەکانی ڕۆژهەڵات لە ساڵی 1991 ی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردوستان و پێشمەرگە گەڕاینەوە سلێمانی و بەژیانێکی زۆر سادە ڕازیی بووین، لە خۆشی ڕزگارکردنی گەلەکەمان ، ئەمە بۆئێمە جێگەی سەرفرازی و ژیانێکی پڕلەئاسودەی بوو ، خوای گەورە دوو کچی پێبەخشین ناومان لێنان ژینۆ و ژاڵە، بەڵام بەداخەوە قەدەر ڕێی پێنەیان وەکو هەموو کەسێکی ئاسای ژیان بکەین ومناڵەکانم بە سۆزی باوکایەتی گەشە بکەن ، ئەوە بوو ئەوکات کچە گەورەکەم تەنها تەمەنی چوار ساڵ بووە و ژاڵەی کچیشم تەنها شەش مانگان بوو کە شەڕی ناوخۆی شووم باوکیانی لەگەڵ خۆی برد ، شانازی پێوە دەکەم و خۆشەویستیم بۆ ناوی پێشمەرگەو ئازایەتیان کردمییە هاوسەری پێشمەرگەیەک ، کە ئەویش عوسمان گیان بوو ڕۆحی ئارام بێت .
بڕوابوونمان بە سەرۆک بارزانی و پارتەکەمان ئومێدی زۆرمانە
پاشان بە چاوی پڕ فرمێسک گوتی : خۆمان بە قەرزاری خەڵکی بەشەرەفی سلێمانی دەزانین کە شەهیدیان لەسەرشان نابوو کەوتنە بەر لیزمەی فیشەک بۆ وەفاداریان بۆ شەهیدێک و ڕێباز و پارتەکەیان کە هەمیشە کوردایەتی کردۆتە سەرمەشقی خەباتی لە پێناوی ئازادی کوردستان ، ئەو هەموو ڕۆژە ناخۆشانەی بەسەر من و مناڵەکانم هات و بەرگەمان گرت بە هۆی بڕوابوونمان بە سەرۆک بارزانی و پارتەکەمانە کە ئومێدی زۆرمانە کە کورد هەردەبێت بەئامانج بگات و منداڵەنی شەهیدان بە ئارامی ژیانی تیایدا بگوزەرێن و هەنگاوی باوکی شەهیدیان بەئاوەدانی و زانست خزمەت بە کوردستان بکەنەوە ، سوپاس بۆ خوا کچەکانم گەورەبوون لەسەر هەمان ڕێبازی باوکیانن و درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە پیرۆزەن بەقەڵەمی پەنجەیان بەرگری لە خاک و نیشتیمان ئەکەن .
کوردستان هی هەموومانە وخوێنمان پێبەخشیوە
لە دوا قسەکانی خاتوو نەسرین دەربارەی ئێستایی کوردستان گوتی : بەهیوام کەسانێک کە ئاگەداری خوێنی شەهید و خۆڕاگری خەڵک و قوربانیەکانی کوردستان نین ، بە ویژدانی خۆیاندا بچنەوە وکوردستان بەرەو هەڵدێرنەبن و هاوکاربن بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان وتێپەڕاندنی قەیرانەکان ، کوردستان هی هەموومانە و خوێنمان پێبەخشیوە .
دایکم وەک شێرە ژنێک و لە تەمەنێکی زۆر گەنجیدا توانی ڕۆڵی دایک و باوکمان بۆ بگێڕێت
ژینۆ کچە گەورەی شەهید بە خۆشحاڵییەوە هاتە نێو باسەکەمان و گوتی : هەرچەندە زۆر زوو بێبەش بووین لە بۆن و ناز و باوەشی گەرمی باوکمان، بەڵام دایکم وەک شێرە ژنێک و لە تەمەنێکی زۆر گەنجیدا توانی ڕۆڵی دایک و باوکمان بۆ بگێڕێت و تەواوی ئەو بۆشاییانە بۆ من و ژاڵەی خوشکم پڕکاتەوە و دەستمان بگرێت و هەمان ئەو ڕێبازەمان نیشان بدات کە باوکم لە پێناوی گیانی کردە قوربانی ئەویش ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانی و پارتی پێشڕەوە .
بەهیواین بتوانین خزمەتی ڕێبازەکەمان و کوردستان بکەین
لە کۆتایشدا ژاڵە کچەکەی تری شەهیدیش هاتە گۆ : بەپشتگیری دایکی مەزنمان کە هەمیشە وەک قەڵایەک لە پشتمان بووە تاکو بە تەواوی ئامانجەکانمان بگەیەن ، توانیمان گشت قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتووی تەواو بکەین، بیکەینە دیاری و پێشکەش بە ڕۆحی پاکی باوکی هەمیشە زیندوومان و دایکە میهرەبانەکەمان بکەین ، ژینۆخان دەرچووی کۆلێژی یاساو کۆلێژی سەربازییە و منیش دەرچووی کارگێڕی کارم و ئێستاش قوتابی ماستەرم، بەهیواین بتوانین خزمەتی ڕێبازەکەمان و کوردستان بکەین .





Leave A Comment