محەمەدی حاجی مەحموود: یەک لیستی لایەنە سیاسییەکان پێگەی کورد بەھێز دەکات “پێم باشە ھەڵبژاردنی کوردستان پێش ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت” عیماد بیلال
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە یەک لیستی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ ھەڵبژادنەکانی عێراق، پێگەی کورد بەھێز دەکات، دەشڵێت “بەباشی دەزانم ھەڵبژاردنەکانی کوردستان لەپێش ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەنجام بدرێت”.
محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی، ڕاگەیاند: “ھەرچەندە لێرەولەوێ باس لە یەک لیستی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت، بە بۆچوونی من ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لیستێکی ھاوبەشیان ھەبێت، بێگومان ئەوکاتە پێگەی کورد بەھێزتر دەبێت، بەڵام پێویستە ئەگەر یەک لیستی پێکھێنرا لایەنە سیاسییەکان یەکڕیز بن، چونکە پێشتر لایەنە سیاسییەکان لیستی ھاوبەشیان ھەبووە، بەڵام یەکڕیز نەبوون”.
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستە روو، کە لەم دۆخەی ئێستا کورد بەرامبەر بە عێراق لیستەکانی بچووکە، ئەگەر ھەر لیستێکی کوردستانی دەنگێکی کەم بھێنێت، دەنگەکەی بۆ لیستە گەورەکانی عێراق دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە ئێستا، لیستی گەورە لە عێراقدا پێکھاتووە، وەک لیستەکانی عەبادی، عەلاوی و مالیکی.
محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بۆ (باسنیوز) گوتیشی: “خودی خۆم بەباشی دەزانم ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لەپێش ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی تا ئەوکاتەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت، ئێمە کێشەکانی خۆمان چارەسەر کردبێت”.